ئایا ئەگەر بەڕێكەوت و بەبێ ئاگا دەستم بەر دەستى پیاوەكەم بكەوێ دەستنوێژم دەشكێ ؟

بەروار:٢٠١٣/٠٩/٠٥

پوختەی پرسیار:
بسم الله الرحمن الرحیم ئایا ئەگەر بەڕێكەوت و بەبێ ئاگا دەستم بەر دەستى پیاوەكەم بكەوێ دەستنوێژم دەشكێ ؟ وە ئایا دەست نوێژ لە شوبرات دەشكێ ؟ ئەگەر دەشكێ ئەى بۆ خوشكم دەستنوێژ لە پیاوەكەم ناشكێنێ؟ ((ریزو خۆشە ویستم بۆ مامۆستاى بەریز و سوباس بۆ هاوكاریت))

وەڵام:
بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
وەڵام: خوشكى بەڕێزمان: بەركەوتنى دەستى ئافرەت بۆ پیاوى خۆى یان بە پێچەوانەوە دەستى پیاوەكە بەر دەستى ئافەتەكەى بكەوێت، بە ڕێكەوت بێت یان بە عەمدى (ئەنقەست)، هیچیان دەستنوێژ بەتاڵ ناكەنەوە، چونكە ئەو كارە ڕووى داوە بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى نوێژكردنیدا، كە دەستى بەر قاچى دایكە عایشە كەوتووە هەروەكو دایكە عایشە بۆمان دەگێڕێتەوە كە: كنت أنام بين يدي رسول الله صلى الله عليه وسلم ورجلاي في قبلته فإذا سجد غمزني فقبضت رجلي وإذا قام بسطتهما (متفق عليه)
واتە: لە بەر دەستى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەخەوتم و پێكانم لە ڕێگەكەیدا بوون لە پێش قیبلەكەى، جا ئەگەر بیویستایە سوژدە بەرێت، قورنجگێكى لێ دەگرتم منیش پێكانم هەڵدەكێشا، كە سوژدەكەى تەواو دەكرد جارێكى تر ڕام دەكێشانەوە.
یان دەستى دایكە عایشە بەر قاچى موبارەكى پێغەمبەرى خوا كەوتووە (صلى الله عليه وسلم)، هەروەكو بۆمان دەگێڕێتەوە كە: فقدت رسول الله صلى الله عليه وسلم ذات ليلة من فراشه فالتمسته فوقعت يدي على بطن قدميه وهو في المسجد وهما منصوبتان وهو يقول: اللهم إني أعوذ برضاك من سخطك وبمعافاتك من عقوبتك وأعوذ بك منك لا أحصي ثناء عليك أنت كما أثنيت على نفسك (صححه العلامة الألباني في صحيح سنن بان ماجه: 3841).
واتە: لە جێگەى خەوتندا بووین هەستم كرد كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە جێكە نەماوە، كە دەستە كوتەم كرد دەستم بەر ناو ژێر پێكانى پێغەمبەر كەوت (صلى الله عليه وسلم)، بینیم لە سوژدەدایە، بە زەویدا چەقاندوونى، ئەم زیكرە دەخوێنێ:.... هتد.
كەچى لە هەردوو بارەكەدا نوێژەكەى نەبڕیوە و دەستنوێژى تازە نەكردووەتەوە، بۆ ئەوەى ئێمەش ئەوە ئەنجام بدەین.
وە لەوەش زیاتر دایكە عائیشە سەبارەت بە كردەوەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆمان دەگێڕێتەوە كە: كان يتوضأ، ثم يقبل و يصلي و لا يتوضأ (صححه العلامة الألباني في صحيح الجامع برقم: 4906).
واتە: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەستنوێژە دەگرت و پاشان ماچى خێزانەكانى دەكرد،و نوێژى دەكرد بێ ئەوەى دەستنوێژ بگرێتەوە.
وە لە فەرموودەى ترى (صحيح)ى پێغەمبەرى خوادا هاتووە (صلى الله عليه وسلم) كە: كان يقبل بعض أزواجه، ثم يصلي و لا يتوضأ (صححه العلامة الألباني في صحيح الجامع برقم: 4997).‌
واتە: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ماچى هەندێك لە خێزانەكانى دەكرد و پاشان نوێژى دەكرد و دەستنوێژى نەدەگرتەوە.
لە هەموو ئەو فەرموودانەى پێشەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە دەست پێوە دانى خێزان،تەنانەت ماچكردنیان بۆ یەكتر دەستنوێژ ناشكێنێت.
وە سەبارەت بە كردەوەى خوشكەكەت دەڵێین: كردەوەكەى كردەوەیەكى درووستە لەو لایەى كە دەستنوێژ ناشكێنیت لە شوبراكەى، ئەوەش بە قیاسكردنى لە سەر ئەو فەرموودانەى پێشەوە بەوەش كردەوەكەى بە پێی سوننەتى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم).
بەڵام ئەوەمان لە یاد نەچێت كە خودى دەست پێوەدانەكە حەرامەو تاوانە، چونكە نامەحرەمن بۆ یەك، و پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى: لأن يطعن في رأس رجل بمخيط من حديد، خير له من أن يمس امرأة لا تحل له (صححه العلامة الألباني في: الصحيحة: 226).
واتە: ئەگەر ئاسنێك بكوترێت بە سەر پیاوێكدا، زۆر باشترە بۆى لەوەى دەست بدات بە ئافرەتێكى نامەحرەم بۆى.
وە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى: لا أمس أَيْدي النساء (صححه العلامة الألباني في: (صحيح الجامع: 7177).واتە: من دەست نادەم بە دەستى ئافرەتانەوە.
وە فەرموویەتى: إني لا أصافح النساء (صححه العلامة الألباني في: (الصحيحة: 529)، و (صحيح سنن النسائي: 4181) واتە: من دەست نادەم لە گەڵ ئافرەتاندا، خواش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە